بۆ یەکەمجار.. 300 کەسایەتیی عێراقی داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن

بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا، 300 کەسایەتیی عێراقی بە ئاشکرا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن. لە بەیاننامەکەدا کە میدیا عێراقییەکان ناوەڕۆکەکەیان بڵاو کردووەتەوە، هاتووە: ”ئێمە وەک گردبوونەوەی زیاتر لە 300 کەسایەتیی سوننە و شیعە داوا دەکەین عێراق هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی عەرەبی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ گەل و حکوومەتی ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە“. ئەو کەسایەتییانە خەڵکی پارێزگاکانی بەغدا، بابل، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و نەینەوان و لە ئەندامانی سەحوەی عێراق (سوننە) و شێخی عەشیرەتەکان و گەنجانی چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق لە ساڵی 2019 پێک هاتوون و وەک خۆیان باسی دەکەن، بەشێکیان رۆڵمان لە شەڕی دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە هەبووە. ئەو کەسایەتییانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەوان دژایەتیی گرووپە توندڕەوەکانی جیهادییە سوننەکان و میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران دەکەن و ”نیشتیمانی بوون“ی خۆیان سەلماندووە. کەسایەتییەکان جگە لە داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل، داوای چەسپاندنی سیستەمی فیدڕالییان لە عێراق کردووە، بەو شێوەیەی دەستوور دایناوە. لە ساڵی 2020 و بە سەرپەرشتیی ئەمریکا، وڵاتانی ئیمارات، بەحرێن، سوودان و مەغریبی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە. پێشتریش هەردوو وڵاتی میسر و ئوردن پەیوندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردبووەوە.