دیندار دۆسکی: کاردانەوەکانی حەیدەر عەبادی لە رۆژانی ریفراندۆم نا دەستووری بوون

دیندار دۆسکی، سیاسەتمەدار و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، وەڵامی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەدات، کە هەموو ئەو کارانەی عەبادی پێش و پاش ڕیفراندۆم کردی، پێچەوانەی دەستووری عێراق بوون. لە وەڵامی ئەو بانگەشە و موزایەدانەدا کە لە میدیا و سۆسیال میدیای سەر بە حەیدەر عەبادی بڵاو دەکرێنەوە لەبارەی ڕیفراندۆمە مەزنەکەی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧، د.دینار نەجمان دۆسکی، سیاسەتمەداری کورد، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ڕیفراندۆم ئامرازێکی مەدەنییە بۆ چارەسەری کێشەکان و گەیشتن بە ڕایەک، ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بەشێوەی مەدەنی و شارستانی کرا و بەهیچ شێوەیەک، کە توندوتیژیی تیادا بەکار نەهات، دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو گەیشتە هەموو جیهان، کە دەیەوێت لە عێراقێکدا سەربەخۆ بێت، کە هیچ داهاتوویەکی دیار نییە، گوتی: ”وڵاتێک، کە هیچ داهاتوویەکی دیار نەبێت و بەردەوام بەرەو دۆخی نەخوازراو بڕوا، کە تیایدا نە قانوون قانوون بێت و نە دەستوور بێت، ئەوا مافی هەر نەتەوەیەکە لەو وڵاتە چارەنووسی خۆی دیاری بکات، ئەوەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی هەمووی یاسایی بووە، بەڵام ئەوەی عەبادی و خەڵکانێکی دیکە لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردوویانە نایاسایی بووە، هەر لە برسیکردنی خەڵکی کوردستان و لە بڕینی بودجە و پێنەدانی مافەکانی لەدوای رووخانی رژێمی پێشووەوە“. ئەو چاودێرە سیاسییە گوتیشی: ”برسیکردنی خەڵکی کوردستان و نەناردنی بودجە و مووچە لە ساڵانی دەسەڵاتداریی عەبادیدا بووە، لەدوای ریفراندۆم داخستنی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان و هێنانی هێزی ئیقلیمی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچە کوردستانییەکان، کە ئەنجامەکەی بە خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر کەوتووەتەوە، ئەوانە حەیدەر عەبادی بە چ دەستوور و قانوونێک کردوونی؟، ڕیفراندۆم بەرپەرچدانەوەی ئەو عەقڵیەتانەیە، کە بەدرێژایی مێژوو لە دژی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کاریان پێ دەکرێ“. دیندار نەجمان، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، عەبادی نەک هەر نایاسایی کردووە، بەڵکوو بەهۆی رادەستکردنی سیادەی عێراق بە وڵاتی تورکیا و ئێران، دەستووری پێشێل کردووە، گوتیشی: ”لەسەردەمی عەبادیدا شتێک نەما بەناوی عێراق و پڕ کرا لە هێزی ئیقلیمی، تەنانەت هێزی ئیقلیمی تا کەرکووک هاتوون و بینراون، ئەی ئەوە بە چ دەستوورێک کراوە؟ ئەگەر عەبادی بگەڕابایەوە بۆ یاسا و دەستوور، دەبوو دوای ڕیفراندۆم بێت لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دابنیشێت و چارەسەری ئەو دۆخە بکات، کە هەرێمی کوردستان بۆ دەیەوێ لە عێراق جیابێتەوە،؟ بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوە، عەبادی توندوتیژیی هەڵبژارد و هێزی سەربازیی لە دژی خەڵکی کوردستان و دەنگی خەڵکی کوردستان بەکار هێنا، لێرەدا هەموو کەس باسی یاسا بکات، حەق نییە کەسێکی وەکو عەبادی باسی بکات“.