بەها ئەعرەجی: سەرۆک بارزانی رۆڵێکی گرنگی لە کۆتاییهێنان بە کێشەکان هەیە

سیاسەتمەدار و جێگری پێشووتری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، سەرۆک بارزانی رۆڵێکی گرنگی لە کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان هەیە. بەها ئەعرەجی، جێگری پێشووتری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنیی (کوردستان 24)، رایگەیاندووە: سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی نیشتمانیی کوردییە و شایانی رێزە، ”رۆڵێکی گرنگی لە کۆتاییهێنان بە زۆربەی کێشە و ناکۆکییەکان لە عێراق، بینیوه‌. بەها ئەعرەجی هه‌روه‌ها رایگەیاندووە: لە ساڵی 2010 پێکهێنانی حکوومەتی عێراق گەیشتە قۆناغێکی سەخت، بەڵام له‌ هه‌ولێر و بە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی لایەنەکان رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکوومەت. ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاتێک سەرۆک بارزانی دەڵێت ”هاوبەشی لە عێراق نەماوە“، مەبەستی ئەوەیە ”متمانە نەماوە“، کە ئەو متمانەیە بەهۆی چەند هەڵسوکەوتێکی حکوومەتی عێراق و لایەنە بەشداربووەکانی نەماوە و بەشێکیش له‌و به‌رپرسیارێتییه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان. ئەعرەجی پێی وایە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان داواکاریی کورد بووە و ئەنجامەکەی هەرچییەک بووبێت، ”نابێت ببێتە هۆکاری دوژمنایەتی کورد و عەرەب، کە هەندێك كه‌س کاریان لەسەر ده‌کرد“.