دوو وڵاتی ئەوروپی هەوڵی دەرکردنی هەزاران پەنابەر دەدەن

دوو وڵاتی رۆژهەڵاتی ئەوروپا هەوڵی دەرکردنی هەزاران پەنابەر لە وڵاتەکانیان، دەدەن. ئەلێکسەندەر ڤۆڵڤۆفیچ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی بیلاڕووسیا رایگەیاندووە: هێزی پاسەوانی سنووری وڵاتەکەی لە دوو مانگی رابردوودا، زیاتر لە 700 جار رێگری لە پەڕینەوەی پەنابەران کردووە. ئەلێکسەندەر ڤۆڵڤۆفیچ هەروەها رایگەیاندووە: پۆڵەندا و لیتوانیا هەوڵیان داوە هەشت هەزار و 500 پەنابەر لە وڵاتەکەیان دەربکەن و بیانگەڕێننەوە بیلاڕووسیا، چونکە لە بیلاڕووسیاوە بەشێوەی نایاسایی چوونەتە ناو خاکی ئەو دوو وڵاتە. ئەو بەرپرسەی بیلاڕووسیا بە ئاماژەکردن بەوەی وڵاتەکەی لە چوونی پەنابەران بۆ لیتوانیا و پۆڵەندا بەرپرس نییە، رایگەیاندووە: پەنابەرەکان لەسەر خاکی ئەو دوو وڵاتە رووبەڕووی ئەشکەنجە و بە کارەبا لێدان، دەبنەوە. ئەلێکسەندەر ڤۆڵڤۆفیچ جەختی لەوە کردووەتەوە، کە وڵاتەکەی بەرپرس نییە لەو بارودۆخە و پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا لە هۆکار و ”شوێنی هاتن“ی پەنابەران بکۆڵنەوە. ڤۆڵڤۆفیچ راشیگەیاندووە: وڵاتانی رۆژئاوا لە بری چارەسەرکردنی کێشەکان، بە تەلبەند سنوورەکان لێک جیادەکەنەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی کوژرانی هەر پەنابەرێک کە بیەوێ لەو سنوورانە بپەڕێتەوە.