ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری بەرگریی ئەمریكا ڕای گەیاند كە وڵاتەكەی یارمەتیی ئەفغانستانی دا بۆ دامەزراندنی دەوڵەت، بەڵام نەیتوانی نەتەوەیەك بۆ ئەفغانستان دروست بكات. لوید ئۆستین وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە وتەیەكدا بۆ بەرگریكردن لە هەڵوێستی وڵاتەكەی و جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، دوای چۆڵكردنی ئەفغانستان بۆ بزوتنەوەی تاڵیبان، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمریكا نەیتوانیوە نەتەوە بۆ ئەفغانستان دروست بكات. ئۆستین لەبەردەم لیژنەی هێزە چەكدارەكان لە كۆنگرێسی ئەمریكا دووپاتی كردەوە كە پرۆسەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی كابول تەنها ڕۆژی یەكەم و دووەمی سەخت بوو، ئەوی تر بە ئاسانی تێپەڕی و دۆخەكە هێور بووەوە. وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە وتەكەیدا گومانی خستە سەر دروستی و نادروستی بڕیارەكانی حكوومەتەكانی وڵاتەكەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا لە میانی شەڕی ئەمریكا لە ئەفغانستان و گوتی “ئەگەر چاو لە رابردوو بكەین، هەست دەكەین كە لەوانەیە حكوومەتی ئەمریكا متمانەی زۆری بە توانای خۆی هەبووبێت لە بنیاتنانی حكوومەتێكی ئەفغانی كە توانای مانەوەی هەبێت، لەمبارەیەوە ئەمریكا یارمەتی ئەفغانستانی دا لە بنیاتنانی دەوڵەت، بەڵام نەمانتوانی نەتەوەیەك بۆ ئەفغانستان دروست بكەین”. لوید ئۆستین گوتیشی كە راستییەكەی ئەوەیە ئەو سوپایەی لەسەر دەستی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ئەفغانستان ڕاهێنانیان پێكرا، شكستی هێنا، بەڕاستی ئەمەش جێی سەرسڕمان بوو.
ئەمریكا: نەمانتوانی نەتەوەیەك بۆ ئەفغانستان دروست بكەین
