ژمارەیەک فڕۆکەی نەناسراو بنکەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا بۆردومان دەکەن. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 28-9-2021، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە سەر سنووری نێوان عێراق و سووری لە نزیک شاری ئەلبوکەمال لە پرێزگاری دێرەزوور لە سووریا، بیستراوە. روانگەکە هەروەها رایگەیاندووە: تەقینەوەکان بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەیەکی نەناسراو روویان داوە. هەروەها کەناڵی (سکای نیوز) لە زاری ”سەرچاوە سەربازی و مەدەنییەکان“ی بڵاوی کردووەتەوە، ”ژمارەیەک فڕۆکەی نەناسراو“ بنکە و بارەگاکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیان لە باشووری شارۆچکەی مەیادین لەسەر رووباری فورات بۆردومان کردووە. هەروەک ئەو کەناڵە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو میلیشیایانەی کراونەتە ئامانج بەشێکیان بریتین لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و تا ئێستا زیانە مرۆییەکانی بۆردومانەکان نەزانراوە.