بەڤیدیۆ.. دزییەکی گەورە لە بۆریی نەوتی کەرکووک ئاشکرا دەبێت

گرووپە مافیاییەکان لە سنووری پارێزگای کەرکووک بۆریی نەوتی کەرکووک کون دەکەن و نەوتەکەی دەدزن. بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی (کوردستان 24)، کەسانی نەناسراو لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان لە دووریی 100 مەتر لە بنکەیەکی سەربازیی عێراقی و 300 مەتر لە بازگەیەکی هێزە ئەمنییەکان، بۆریی نەوتیان کون کردووە. هاووڵاتییانی سنوورەکە بە گومانەوە باس لە رووداوەکە دەکەن و کە ئەوان بە شەو لەبر قەدەغەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان ناتوانن بچنە ناو زەوییەکانیان، ”ئیدی چۆن ئەو دزییەیان نەبینیوە؟“. بۆرییەکە لەسەر زەویی جووتیارێکی کوردی ناوچەکە کون کراوە و نەوتەکەی دزراوە، خەڵکی ناوچەکەش ترسیان هەیە ئەو جووتیارە دەستگیر بکرێت و لەژێر ئەشکەنجە و هەڕەشە دانپێدانانی بڵاو بکرێتەوە، لە کاتێکدا جووتیارەکە بە تەمەن و بەهۆی پەتای کۆرۆناوەش لە ماڵەوە کەوتووە. ناسر هەرکی، پەرلەمانتاری عێراق گومانی لە پەیوەندیی بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە ناوچەکە بە دزییەکەوە هەیە و رایگەیاندووە: ”گومانم هەیە ئەوان ئاگاداری رووداوەکە بن و رەنگە هاوبەشیش بن لە دزییەکە، تانکەرەکە بە بەردەم ئەواندا نەوتەکەی گواستووەتەوە و لێیان نەپرسیوە بۆ کوێ دەچی و دێیت؟“. ناسر هەرکی ترسی خۆی لەوە نیشان دا، بەهۆی ئەوەی خەڵکی ناوچەکە هاووڵاتیی کوردن، هێزە عێراقییەکان تۆمەتی دزییەکە بخەنە ئەستۆی ئەوان“. دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، هێزە عێراقییەکان پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکانی سنووری پارێزگای کەرکووکیان لە ئەستۆ گرت و بەهۆی ناکاراییشیان، جگە لە تەقاندنەوەی بۆری و بیرە نەوتەکان، لەو کاتەوە چەندین حاڵەتی دزیکردن لە نەوتی کەرکووک، تۆمار کراون.