حکوومەتی عێراق هەموو دەروازە سنوورییە وشکانی، ئاوی و ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی دادەخات. لێژنەی باڵای ئەمنیی تایبەت بە ئاسایشی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە لە رۆژی 9-10-2021ـەوە بۆ ماوی سێ رۆژ، هاتوچۆ لە هەموو دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان، رابگرێت. بڕیارەکە بۆ دابینکردنی ئاسایش و باشتر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەرکراوە، کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە رۆژی 10-10-2021 بەڕێوە بچێت. جگە لە داخستنی دەروازەکان، حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە لەو سێ رۆژەدا، هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاکانیش قەدەغە بکات و فڕینی هەر جۆرە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیشی قەدەغە کردووە. لەم هەڵبژاردنەدا، 24 ملیۆن و 299 هەزار کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە. هەشت هەزار و 273 بنکە بۆ دەنگدان دیاری کراون و دابەشکراون بەسەر 55 وێستگە.