فڕۆکەیەک میلیشیا ئێرانییەکان لە نزیک سنووری عێراق بۆردومان دەکات

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بارەگای میلیشیا ئێرانییەکان لە نزیک سنووری عێراق، لە سووریا بۆردومان دەکات. شەوی پێنجشەممە 30-9-2021، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو دوو مووشەکی ئاراستەی بارەگای میلیشیا ئێرانییەکان لە ناوچەی کەتف لە نزیک شاری ئەلبوکەمال لە پارێزگای دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا لە نزیک سنووری عێراق، کردووە. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەواڵەکەی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە زیانە مرۆیی و مادییەکان و ناسنامەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە نەکردووە. لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە کە لە مانگی ئاداری 2011 لە نێوان رژێمی سووریا و گرووپە چەکدارییەکان دروست بووە، ئێران بە ناردنی میلیشیای چەکداری و چەک هاوکاریی رژێمی سووریا دەکات. ئێران هەروەها پاڵپشتیی ئەو میلیشیایانەی حەشدی شەعبیی عێراقی دەکات، کە لە سووریا شەڕ بۆ بەرژەوەندیی رژێمی سووریا دەکەن.