بکوژی خێزانە کوردەکەی رووسیا دەستگیر کرا

بکوژی سێ هاووڵاتییە کوردەکەی کۆماری رووسیای فیدڕال دەستگیر کرا. ڤیکتەر میرسکۆی تەمەن 54 ساڵ، دانیشتووی گوندی ڤەڵچانسکۆیە لە پارێزگای ڤارۆنیژی لە رووسیا و لە ناوەڕاستی مانگی 9ـی 2021 دایکێک و گەنجێک و منداڵێکی کوردی کوشت. سێ هاووڵاتییە کوژراوەکە بریتین لە گولیستان ئیبراهیمۆڤای تەمەن 59 ساڵ کوڕ و نەوەیەکی بە ناوەکانی (نادیر، تەمەن 19 ساڵ) و (عەزیز، تەمەن پێنج ساڵ) و لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی ڤیکتەر میرسکۆی، کە رەگەزپەرستێکی گوندەکەیە و هەڕەشەی کوشتنی هەموو کوردانی ئەو گوندەی کردووە، کوژراون. بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی (کوردستان 24)، ڤیکتەر میرسکۆی رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکانیش بووەتەوە و دوای تەقەکردن لە پۆلیس، بە برینداری دەستگیر کراوە. وەردێ، دایکی عەزیزی پێنج ساڵان و کچی گوڵیستان ئیبراهیمۆڤا، رایگەیاندووە: “كاتێك هاتمه‌ ژووره‌وه‌، بینیم عه‌زیزی كوڕم خه‌ڵتانی خوێن بووه‌، دواتر بینیم دایكم و براكه‌شم به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ كوژراون، به‌و رووداوه‌ تاساین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ كه‌س نه‌بووه‌”. 400 هاووڵاتیی رووس، کورد و نەتەوەکانی دیكه‌ لە گوندی ڤەڵچانسکۆی دەژین، گوندەکە بە دووری 165 کیلۆمەتر کەوتووه‌تە باشووری پارێزگای ڤارۆنیژ و 1076 کیلۆمەتر لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیاوە دوورە.