هاوسەرۆكی هەدەپە: ئەگەر نەگەینە رێککەوتن کاندیدمان بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەبێت

هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، ئاشكرای دەکات، ئەگەر لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن نەگەنە رێککەوتن، کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری تورکیا لە ساڵی 2023، دەبێت. مەدحەت سانجار، هاوسەرۆكی هەدەپە، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنی (خەڵك تی ڤی)، باسی لە هەڵوێستی پارتەكەی كرد بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی توركیا. مەدحەت سانجار رایگەیاند: پۆستی سەرکۆماری بۆ هەدەپە هێندەی بنە و چۆنیەتی بەڕێوەبردن و سیستەمی سیاسی، گرنگ نییە. هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر حزبەکەی بیەوێ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کاندیدی هەبێت، دەیبێت و ”چاوەڕێی کەس ناکەین، بەڵام قسە لەگەڵ خەڵکی خۆمان دەکەین و دوایی بڕیار لەبارەی بوون یان نەبوونی کاندیدمان دەدەین“. مەدحەت سنجار جەختی لەوە کردووەتەوە، داوایان لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا کردووە دانوستاندن لەسەر بنەماکانی هەڵبژاردنی سەرکۆمار بکەن و ”ئەگەر نەگەیشتینە رێککەوتن، کاندیدمان دەبێت“.