هەولێر.. بەهۆی پێشبڕکێی نێوان دوو ئۆتۆمبێل سێ کەسی پیادە گیانیان لەدەست دا

بەرێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئاشکرایکرد کە بەهۆی پێشبڕکێی نێوان دوو ئۆتۆمبێل لەسەر رێگای نێوان هەولێر ـ مەخموور نزیک گوندی قۆڕیتان سێ کەسی پیادە گیانیان لەدەستدا. ئەمشەو یەکشەممە 3/10/2021، فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە: “بەداخەوە کەمێک پێش ئێستا لەسەر رێگای هەولێر ـ مەخموور لە نزیک گوندی قۆڕیتان پێکدادانێک لەنێوان مالیبۆیەکی تایبەت و پیکابێکی دەبل روویدا، لە ئەنجامی رووداوەکەش بەداخەوە سێ پیادە بوونە قوربانی و چوار کەسی دیکەش زامدار بوون”. ئەوەشی خستووەتە روو: “هۆکاری سەرەکیش بۆ کەوتنەوەی رووداوەکە پێشبڕکێی مالیبۆ بووە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی تر، بۆیە کاتێک گەیشتووەتە پیکاب لە پێشی نەیتوانیوە خۆی لێ دەرباز بکات و خۆی پێدا کێشاوە و لەگەڵ خۆ پێداکێشانەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و چووەتە سەر شۆڵدەر و لەوێش سێ پیادە کە لە تەنیشتی رێگا دەڕۆیشتن هەرسێکیانی کوشتووە ئینجا خۆی کەوتووەتە ناوکەندێک”.