ئەمشەو وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا “پنتاگۆن” بڵاوی كردەوە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە لە ئەگەری هەبوونی هەڕەشەی ئەمنی لەپشت لەكاركەوتنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، سەرچاوەی تری هەواڵیش باس لە هاككردنێكی گەورە دەكەن. پنتاگۆن رای گەیاندووە كە لێكۆڵینەوە دەكەن لە گریمانەی هەبوونی هەڕەشەی ئەمنی لە پشت وەستانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە جیهاندا. ئەم پێشڤەچوونەش دوای چەند كاتژمێریك لە بە تەواوی لەكاركەوتنی تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، ئینستاگرام و تۆڕی پەیوەندیی “واتسئاپ” دێت لەسەر ئاستی جیهاندا. پێش كەمێكیش كۆمپانیای فهیسبووك بە فەرمی لەكاركەوتنی ئەپڵیكەیشنەكانی فهیسبووك، ئینستاگرام و واتسئهپی راگەیاند. هەروەها ئینستاگرام و واتسئاپ لە هەژماری تویتەری خۆیاندا، لهكاركهوتنی ئهپڵیكەیشنهكانیان راگهیاند. لەلایەكی دیكەوە ئەمشەو ماڵپەڕی “privacy affairs” بڵاوی كردهوه كە زانیارییان هەیە لەبارەی ڕوودانی هاككردنێكی مێژوویی و گەورە، كە پێدەچێت زانیارییەكانی زیاتر لە یەك ملیار و 500 ملیۆن بەكارهێنەری تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك هاك كرابێت و هەواڵیش هەیە لەبارەی مامەڵەكردن بە كڕین و فرۆشتنی ئەو زانیارییانەوە لە تۆڕی نهێنیدا. ئەمەش سەرباری ئەوەی وەستانی ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتییانە لە چەند كاتژمێری ڕابردوودا، زیانی دەیان ملیار دۆلاری لە كۆمپانیاكان داوە، بەتایبەتییش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئەمشەو نرخی پشكەكانی كۆمپانیای فەیسبووك بە ڕێژەی 5% دابەزیوە، لەلایەكی دیكەشەوە بە ملیۆنان بەكارهێنەری تۆڕە كۆمەڵایەتییە لەكاركەوتووەكان، ڕوویان لە تویتەر و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تر كردووە. لەلایەكی دیكەشەوە چەند میدیایەكی جیهانی باس لەوە دەكەن كە منداڵێكی چینی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هاك كردووە، بە هەمان شێوەش زانیاری بڵاوبووەتەوە كە ئێستا كارمەندانی سەرەكیی فەیسبووك ناتوانن بچنە ناو هەژمارەكانیانەوە و كاری تێدا بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەمشەو رووبەڕووی بوونەتەوە.