پارێزگارى هەولێر: کۆمسیۆن کێشەى بۆ دەنگدەرانى ناو کەمپەکان دروست کردووە

 پارێزگارى هەولێر باس لەوە دەکا، کە ئامادەکارییەکان بۆ دەنگدانى تایبەت و گشتى لە هەولێر بەرەو تەواوبوون دەچن و هەموو ئاسانکارییەک بۆ کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عیراق، نووسینگەى هەرێمى کوردستان و ئۆفیسی هەولێر کراوە، بەڵام کێشەى دەنگدانى ئاوارەکانى ناو کەمپەکان هه‌یه‌ و داوامان کردووە چارەسەر بکرێت. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 6/10/2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر ڕایگه‌یاند: کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بڕیاری داوە هیچ ناوەندێکى دەنگدان لەناو کەمپەکان نەکاتەوە، بۆ ئەوەی ئاوارەى ناو کەمپەکان دەنگ بدەن، بەڵکوو بڕیاری داوە ئەو ئاوارانە بگوازرێنەوە بۆ بنکە گشتییەکان و هەریەکێک بە پێی پارێزگاکەى خۆی دەنگ دەدات، داوایان لە ئیمە کردووە کە ئێمە ئەو ئاوارانە بگوازینەوە بۆ بنکەکان، ئێمەش بە کۆمسیۆنمان گوتووە ناتوانین ئەو کارە بکەین، چونکە ئەوە ئەرکێکى قورسە و لە تواناى ئێمەدا نییە، بۆیە ئێستا لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەى بەیەکەوە ئەو گرفتە چارەسەر بکەین. ئاماژەی بەوەش کرد: ”پارتی ھەمیشە کاری کردووە بۆ ئەوەی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، بێگومان بوونی پارتی لەم قۆناغەی ئێستادا زۆر گرنگە، چونکە لەناو حزبە کوردستانییەکاندا ئینشیقاق و دابڕان ڕووی داوە، تاکە حزبێکی سیاسی کە بە کاریگەری و بەھێزی و یەکگرتوویی و خاوەن مەرجەعی مابێتەوە بۆ پاراستنی کوردستان و بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکات، تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە بەڕاستی کار بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەمان دەکات”.