لە سلێمانی دەنگدانی تایبەتی ھێزە ئەمنییەکان دەستی پێ کرد

84 هەزار و 700 و 75 دەنگدەر لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتدا بەشداری دەکەن. ئەمڕۆ، ھەینی 8/10/2021، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت لە شاری سلێمانی بۆ کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و ھێزەکانی پێشمەرگە و سەرجەم ھێزە سەربازییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری دەستی پێ کرد.  پەیامنێری (باسنیوز) لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، لەناو شاری سلێمانی 41 وێستگە و  11 بنکەی دەنگدانی تایبەت ھەیە، ھەروەھا 84 هەزار و 700 و 75 دەنگدەری تایبەت لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بەشداری دەکەن. بەپێی ڕاگەیاندراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە ڕۆژی 8ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 و 48 سەعات پێش بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی دەست پێ دەکات، ھەروەھا لەو ڕۆژەدا تەنیا دەنگدەری ھێزە ئەمنییەکان مافی دەنگدانیان ھەیە و بۆ ڕێگرتن لە ساختەکاری لە کاتی دەنگدانیاندا کارتە بایۆمەترییەکانیان لێ وەر دەگیرێتەوە.