گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وتووێژێکی ڕادیۆییدا ڕایگەیاندووە پێوەندیمان لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان زۆر دۆستانە، باش و چەند لایەنەیە. سەعید خەتیبزادە ئاماژەی بەوەش کردووە من لە پرێس کۆنفرانسێکیشدا ئاماژەم بەوە کردووە کە پێوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ وێنە ئازەربایجان ئاساییە و بە هیچ شێوەیەک پێوندیمان لەگەڵیان ناپچڕێنین. ڕاشیگەیاندووە کە نزیکەی 70 بۆ 80٪ی پێوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و هاوکات چینە. پێوەندییە سیاسییەکانی ئێران و ئازەربایجان ماوەیەکە لەبەر چەند پرسێک لە ناوچەی قەفقازیای باشوور گرژی و ئاڵۆزیی تێ کەوتووە. پاش تەشەنەسەندنی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، هەروەک وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا سەردانی ئێرانی کرد، وەزیری دەرەوەی ئازەربایجانیش دەتوانێ سەردانی ئێران بکات. ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە پاش ئەوە هاتنە ئاراوە کە ئازەربایجان بە یارمەتیی پاکستان و تورکیا لە نزیک سنوورەکانی ئێران مانۆڕێکی سەربازییان بەڕێوە برد کە کاردانەوەی توندی ئێرانی لێ کەوتەوە و ئەو هەوڵانەی بە پیلانی ئیسرائیل لەقەڵەم داوە، سوپای ئێرانیش لە سنووری ئازەربایجان و ئەرمینیا مانۆڕێکی سەربازیی بەڕێوە برد. لە بەرانبەردا ئیلهام عەلی ئۆف، سەرکۆماری ئازەربایجان لە بەرانبەر ئەو مانۆڕە سەربازییەی ئێراندا ڕەخنەی لە ئێران گرت کە ئەو مانۆڕانەی ئێران هاندەرانەیە و جێگەی نیگەرانین.
ئێران: پێوەندیمان لەگەڵ ئازەربایجان دۆستانە و چەند لایەنەیە
