سەركۆماری توركیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دیکەی گەورە لە رۆژئاوای كوردستان، دەكات. دوای ئەوەی دوو سەربازی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان كوژران، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا بە توندی هێرشی كردووەتە سەر یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و رایگەیاندووە: ”دەبێت باجی ئەو كردەیە بدەن“ و میدیاكانی توركیاش باس لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی سوپای تورکیا لە ناوچەی تەل رەفعەت لە رۆژئاوای کوردستان دەكەن. مەتین گورجان، لێكۆڵەری تورک لە بواری سەربازی پێیوایە ئامانجی توركیا لەو ئۆپەراسیۆنە دەست بەسەرداگرتنی تەل رفعەتە، چونكە شوێنێكی ستراتیژییە و هاوسنوورە لەگەڵ توركیادا. بە گوتەی مەتین گورجان، لە كۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا و ئەردۆغان، ئەو بابەتە بە گرنگییەوە باس كراوە. سەرکۆماری تورکیا لە گوتارێکدا بە ئاشكرا زەنگی شەڕی لێدا و رایگەیاندووە: ”پێداگرین لەسەر لەناوبردنی ئەو هەڕەشانەی لەوێوە سەرچاوە دەگرن و پەلاماری توركیای لێوەدەدرێت“. مەتین گورجان پێی وایە ئەگەر رووسیا ئاسمانی تەل رفعەت بەڕووی توركیادا نەكاتەوە، توركیا ناتوانێت ئەو ناوچەیە بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە. تەلرفعەت سەر بە شاری حەلەبە و 40 كیلۆمەتر لێیەوە دوورە، بەڵام لە دوای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، لەژێر دەسەڵاتی یەپەگە دایە و ئاسمانی ئەو ناوچەیەش لەژێر كۆنتڕۆڵی رووسیایە. مەتین لە وتارێكدا كە لە ماڵپەڕی (T24)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، نووسیویەتی: ”ئەگەر رووسیا ئاسمانی تەل رفعەت بەڕووی توركیا نەكاتەوە وەكوو ئۆپەراسیۆنی عەفرین، ئەوكات توركیا هیچی پێناكرێت، بۆیە دەبێت ئەو پرسیارە بكەین، ئایە ڤلادیمێر پوتین بەبێ وەرگرتنی هیچ شتێك تەل رفعەت رادەستی توركیا دەكات؟“
ئەردۆغان هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنێكی گەورە لە دژی رۆژئاوای كوردستان دەكات
