ئەمڕۆ پەرلەمانتارێکی کوردستان رای گەیاندبوو كە لە چەند هەفتەی داهاتوودا نرخی لیترێک بەنزین لە هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی ١٣٠٠ دینار، بەڵام ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمان ئەو دەنگۆیە رەت دەکاتەوە و دەڵێ بەهیچ شێوەیەک راست نییە. بەختیار شوکری ئەندامی لیژنهیی وزه و سامانه سروشتییهكان و پیشهسازی و بازرگانی و فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە دەنگۆی گرانبوونی نرخی بەنزین بە (باسنیوز)ی راگەیاند “تێناگەم ئەو پەرلەمانتارەی ئەو دەنگۆیەی بڵاو کردووەتەوە زانیارییەکانی لە کوێ سەرچاوەی گرتووە، لە کاتێکدا من وەکو ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان بەدواداچوونم کردووە و ئەو دەنگۆیە بەهیچ شێوەیەک راست نییە و رەتی دەکەینەوە”. گوتیشی “دەپرسم ئاخۆ ئەو کەسەی دەنگۆیەکەی بڵاوکردووەتەوە ئەو نرخەی لە کوێ هێنا کە دەڵێ لیترێک بەنزین نرخی دەگاتە هێندە، ئێمە بەردەوام بەدواداچوون و چاودێری نرخی بەنزین دەکەین و ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان داوە بۆ دابەزاندنی نرخەکەی”. ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشی کرد کە هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزینە و دابینکردنی ئەو بڕەش لە توانای پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستاندا نییە بۆیە بەشێکی پێویستییەکە لە دەرەوە هاوردە دەکرێ، گوتیشی: “عێراق بەڵێنی داوە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا رۆژانە ملیۆنێک لیتر بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت”.
دەنگۆی گرانبوونی نرخی بەنزین رەت دەکرێتەوە
