گـۆڤاری نێودەڵەتیی (LMA) كوڕە گەنجێكی دانیشتووی سۆرانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەك دیارترین گەنجی سەركردە بۆ ساڵی 2021 دەستنیشان كرد. محەمەد مەسیح، كوڕە گەنجێكی دانیشتووی شاری سۆران و دەرچووی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی سۆران بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لەلایەن گۆڤاری نێودەوڵەتیی (LMA) ـوە لەنێو چەندین گەنجی سەركردەی بیانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا وەك دیارترین گەنجی سەركردەی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 دیاری كراوە. محەمەد مەسیح گوتیشی: ”وەك باسی لێوە دەكرێت، ئەمە یەكەمین جارە گەنجێكی كورد و هاووڵاتیی عێراقی هەڵدەبژێردرێت و لەم گۆڤارەدا بڵاو دەكرێتەوە كە لە چەندین وڵاتی ئەورووپایی و ئەفریقایی و ئەمریكایی كەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران، ئەمەش بۆ من شانازییەكی گەورەیە”. ڕوونیشی کردەوە: ئەو گـۆڤارە لە مانگی 10ی هەموو ساڵێكدا گەنجە دیار و چالاكەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچە جیاوازەكان خەڵات دەكات و بۆ هەر وڵاتێك كەسایەتییەك هەڵدەبژێرن، بـۆ ئەمسـاڵیش لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان لەنێو چەندین گەنجی سەركردە و دیاردا من وەك گەنجێکی سەركردە و هەرە چالاكی ساڵ هەڵبژێردرام”. محەمەد مەسیح ئاشكراشی کرد: ”هەڵبژاردنم دوای چالاكییە نێودەوڵەتییەكانم دێت كە بە هەردوو شێوازی ئـۆنلاین و ئـۆفلاین چالاكیی بەردەوامم هەیە و لەگەڵ گەنجانی چالاك و كەسایەتی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پەیوەندی و چالاکیم هەیە”.
گەنجێكی سۆران وەك دیارترین گەنجی سەركردە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دیاری كرا
