باڵوێزی پێشووی ئەمریکا: ئەو هێزانەی دژی پەیوەندیی ئێمە و عێراق بوون شکستیان هێنا

باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو هێز و لایەنە عێراقییانەی دژی پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدا بوون، لە هەڵبژاردن شکستیان هێنا. دۆگلاس سیلیمان، باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە بەغدا (2016-2019)، بە کەناڵی (ئەلحوڕە)ی ئەمریکی راگەیاندووە: مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق پەیوندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئێران پاراست. دۆگلاس سیلیمان هەروەها رایگەیاندووە: ئەو هێز و لایەنە عێراقییانەی بەردەوام کاریان لەسەر تێکدانی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن دەکرد، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق شکستیان هێنا. باڵوێزی پێشووی ئەمریکا پێی وایە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و عێراق لە قۆناغی داهاتوودا پشت بە رێنوێنییەکانی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر دەبەستێت، (رەوتی سەدر خاوەنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییە و چاوەڕێ دەکرێ کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پێک بهێنێت). دۆگلاس سیلیمان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دەنگدەرانی عێراقی دەنگیان بەو هێز و لایەنانە دا، کە بەرگریی لە ناسنامەی عێراقی دەکەن، وەک ئاماژەیەک بۆ سەرنەکەوتنی ئەو هێز و لایەنە عێراقییانەی پەیوەندیی توندوتۆڵیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە. سیلیمان بە بیر ئەو کەس و لایەنانەی دەیانەوێ گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ سەدر بکەن، هێناوەتەوە، کە ”دڵنیا بن حکوومەتی پێکهاتوو لەلایەن رەوتی سەدرەوە کار لەگەڵ ئەمریکا دەکات“.