جنێڤ.. گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانی تایبەت بە دەستووری سووریا بەڕێوە دەچێت

لە شاری جنێڤ لە سویسرا، گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانی تایبەت بە دەستووری سووریا بەڕێوە دەچێت. ئەمڕۆ دووشەممە 18-10-2021، گەڕی شەشەمی دانوستاندنی نێوان رژێمی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، لە جنێڤ بەڕێوە دەچێت. گێر پیدەرسۆن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا رایگەیاندووە: هەردوو لایەنی رژێم و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رەزامەندییان لەسەر دەستپێکردنی قۆناغی نووسینەوەی دەستوور لە گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکانی جنێڤ، نیشان داوە. لەم گەڕەدا، یەکەمجارە سەرۆکی شاندی رژێمی سووریا و ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەر یەکتر دادەنیشن و گفتوگۆ لەبارەی دەستووری نوێی سووریا، دەکەن.