بە پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە رۆژهەڵاتی سووریا. هێرشەکە شەوی چوارشەممە 20-10-2021 بە پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی تەنەف لە رۆژهەڵاتی سووریا لە نزیک سێگۆشەی سنووریی سووریا – عێراق – ئوردن. بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، هێرشەکە لەناو خای سووریاوە کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی تەنەف، کە هێزەکانی بەریتانیا تێیدا جێگیر بوون. سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بەهۆی هێرشەکەوە تەقینەوە لەناو بنکە سەربازییەکە رووی داوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە مرۆیی و ماددییەکانی هێرشەکە بەردەست نییە. فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سەنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و رایگەیاندووە: هێرشەکە بە پلان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراوە.
بە پێنج فڕۆکەی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانان
