پڕۆژەیاسایەک لەسەر هەرێمی کوردستان دەدرێتە کۆنگرێسی ئەمریکا

دوو سیناتۆری دیاری ئەمریکا پڕۆژەیاسایەک پێشکەش بە کۆنگرێسی وڵاتەکەیان دەکەن کە تێیدا پێنج پێشنیار لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستانەوە خراونەتە ڕوو. سیناتۆر کریس ڤان هۆلان و سیناتۆر ماکرۆ ڕووبیۆ، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو پڕۆژەیاساکەیان بە فەرمی گەیاندووەتە کۆنگرێسی وڵاتەکەیان کە تێیدا باس لە گرنگیی ئۆپەڕاسیۆنی (دابینکردنی نوای ئارام) لە ساڵی 1991 بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە بەرانبەر هێرشی ڕژێمی بەعسدا دەکات. پێشەکیی پڕۆژەیاساکە تیشک دەخاتە سەر قوربانیدانی گەلی کوردستان و بەبیر کۆنگرێس دەهێنێتەوە کە زیاتر لە 200 هەزار کورد بە دەستی ڕژێمی بەعس قەتڵوعام کراون و زیاتر لە چوار هەزار و 500 گوندی کوردان خاپوور و کیمیاباران کراون و لە چەندین هێرشی دیکەدا بە هەزاران کوردی دیکەیان جینۆساید کردووە. ئەم دوو سیناتۆرە جەخت دەکەنەوە کە گەلی کوردستان تا ئەمڕۆکەش پێزانینیان هەیە بۆ ئۆپەڕاسیۆنی (دابینکردنی نوای ئارامی) و ڕاگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین، بۆیە تا ئەمڕۆش هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیرە کە خەڵکی لێقەوماو و ئەوانەی بەهۆی ئایین، یان بیروبڕوای سیاسیی جیاوازەوە لە شوێنەکانی خۆیان ڕا دەکەن، لە هەرێمی کوردستان دەگیرسێنەوە. ئەو پڕۆژەیاسایە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی وەک هاوبەشی بەردەوامی واشنتۆن لە شەڕی دژ بە توندڕەوی و تیرۆر ناساندووە و ئەم پێنج خاڵەی خوارەوەی بۆ کۆنگرێس پێشنیار کردووە: 1 – یادکردنەوەی سییەمین ساڵوەگەڕی ئۆپەڕاسیۆنی دابینکردنی نوای ئارامی. 2 – ڕێزگرتن لە سەربازە قارەمانەکان، دیپلۆماتکارەکان، سەرکردە سیاسییەکان و هاوبەشەکانی ئەمریکا لە هاوپەیمانییەتییەکەدا کە ئۆپەڕاسیۆنی نوای ئارامیان جێبەجێ کرد. 3 – ڕێزگرتن لە ئازایەتیی نزیکەی دوو ملیۆن ئافرەت و منداڵ و پیاوی کورد کە خەباتیان بۆ ڕزگاربوون لە برسیەتی و ئاوارەیی کرد و پێشوازییان لە یارمەتییەکان کرد بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ. 4 – هانی سەرکردە کوردەکانی عێراق دەدەین بەردەوام بن لە پابەندبوونیان بە بەها دیموکراسییەکان و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی کە تاکوو ئێستا کوردستانی عێراقییان کردووەتە مێرگێکی ئارام لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا. 5 – دووپات بکرێتەوە لە: (ا)، هاوبەشیی بەهێز لە نێوان ئەمریکا و کوردەکانی عێراق، کە وەک تەواوکەری پەیوەندیی بەهێزی نێوان ئەمریکا و حکوومەتی عێراقە، (ب)، ڕێزگرتن و پاڵپشتیی کۆنگرێس بۆ دۆستە کوردەکانی ئەمریکا لە عێراق بەردەوام بێت کە ئازایانە لە بەرەی ئەمریکادا وەستاون بۆ دژایەتیکردنی توندڕەوی و تیرۆر.