بەهۆی خراپیی رەوشی ئابوورییەوە هەڵبژاردنی پێشوەختەی توركیا ئەگەرێكی بەهێزە

بارودۆخی ئابووری لە توركیا بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە لیرەی توركی لەوپەڕی خراپیدایە، بۆیە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەو وڵاتە ئەگەرێكی بەهێزە و پارتە سیاسییەكان خۆیان بۆی ئامادە كردووە. بارش سۆیدان، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، پێیوایە توركیا ناتوانێت لەوە زیاتر بەرگە بگرێت، بەڵكوو لە بەهاری 2022دا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە. بارش لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی (خەڵك تی ڤی)، بارودۆخی ئێستای توركیا بە سەیارەیەك چواند، كە ئەگەر سەیارەیەك بە خێرایی لێ بخوڕێت و نەتوانێت خێراییەكەی كەم بكاتەوە، وەردەگەڕێت و كارەسات روو دەدات، بۆیە بارودۆخی ئابووریی توركیاش هەمان شتە و بە خێرایی بەرەو خراپی دەڕوات، هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕێگە لەو خێراییە دەگرێت و توركیا دەبێت بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە”. پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)، دژی هەڵبژاردنی پێشوەختەن و دەڵێن هیچ شتێكی لەو شێوەیە لە رۆژەڤدا نییە، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەستەمە توركیا بەو حاڵە خراپەی ئابوورییەوە، بتوانێت تا 2023 بەرگە بگرێت، بەڵكوو لە 2022دا بە ناچاری دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە”. بە گوتەی بارش سۆیدان رەنگە قەتەر پارەیەكی زۆر بهێنێتە ناو توركیاوە تا بەهای لیرەی توركی بەرز ببێتەوە، بەڵام ئەمەش چارەسەری بنەڕەتی نییە و كاتییە، بۆیە پێشبینی دەكات لە بەهاری 2022دا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە بچێت.