لە هەنگاوێكی زانستیدا زانكۆی سۆران، هاوکات لەگەڵ زانكۆكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، ڕۆیشتووەتە ڕیزبەندیی دامەزراوەی (QS)ی نێودەوڵەتییەوە کە بۆ زانكۆكانی جیهان دیاری کراوە. زێبار عەزیز خان، لە بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “دوای هەوڵێكی زۆر زانكۆی سۆران توانی ئاستی خۆی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بەرەو پێشەوە ببات و لەلایەن دامەزراوەی كیو ئێس (QS)ی نێودەوڵەتییەوە وەك زانكۆیەكی جێگەی باوەڕ پەسەند بكرێت و ناوی بخرێتە ناو ڕیزبەندییەكەوە. بە گوێرەی پۆلێنبەندیی دامەزراوەی كیو ئێس، زانكۆی سۆران لەناو گرووپی زانكۆكانی وڵاتە عەرەبییەكاندا جێگەی بۆ كراوەتەوە و بۆ ساڵی 2022 لەنێو ریزبەندییەكەدایە”. گوتیشی: “كیو ئێس (QS) كورتكراوەی (Quacquarelli Symonds)ە كە دامەزراوەیەكی تایبەت بە ڕیزبەندكردنی ساڵانەی زانكۆكانی جیهانە. دامەزراوەكە زانكۆكانی جیهان بەسەر سێ گرووپدا پۆلێن دەكات، كە ئەوانیش بریتین لە: ڕیزبەندیی جیهانی، ڕیزبەندیی بابەتی و ڕیزبەندكردن بەپێی پێنج هەرێمی جیۆگرافی، لەناویشیاندا هەرێمی وڵاتانی عەرەبی”. دامەزراوەی كیو ئێس لە ماوەی ساڵانی 2004 تا 2009 بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی تایمز ڕیزبەندیی ساڵانەی زانكۆكانی بڵاو دەكردەوە؛ لەو ساڵە بەدواوە سەربەخۆ و بە هاوكاریی لەگەڵ دامەرزاوەی (Elsevier) ئەم كارە دەكات.