بە گوتەی ڕاوێژکاری وەزیری ڕێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران ڕایگەیاندووە 40٪ی بنەماڵە ئێرانییەکان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ئەم دۆخە لە تاران گەیشتووەتە 70٪. ئەبوولفەزڵ نەورووزی، لە وتووێژ لەگەڵ تەلەفزیۆنی حکوومەتی ئێران لە پێناسەی “هەژاریی نیشتەجێبوون”دا ڕایگەیاندووە: “ئەو بنەماڵانەی کە زیاتر لە 30٪ی داهاتی مانگانە، یان ساڵانەی خۆیان بۆ دابینکردنی شوێنی ژیان و کرێ خانوو خەرج دەکەن، وەک هەژارانی دۆخی نیشتەجێبوون دێنە ئەژمار و لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین”. کاوە حاج عەلی ئەکبەری، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوەی تاران هەر لەم بارەوە ساڵی 2019 ڕایگەیاندبوو 40٪ی بنەماڵەکانی تاران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین کە ئەم ڕێژەیە بە گوتەی ڕاوێژکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوەی ئێران لە تاران گەیشتووەتە 70٪. بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئەو ماوە زەمەنییەی کە کە خێزانێک دەبنە خاوەن خانووی سەربەخۆی خۆیان، نزیکەی 33 ساڵ دەخایەنێ و ئاشکرای کردووە بەپێی ئاماری ساڵی 2019، ئەو ماوەیە بۆ خێزانێکی تارانی دوو بەرانبەرە. ئەبوولفەزڵ نەورووزی ڕاشیگەیاندووە ئەو دۆخە هەژارییە لە ئێران لە کاتێکدایە کە بەپێی پێناسە و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کەسێکی خێزاندار لە ماوەی 10 هەتا 12 ساڵدا دەبێتە خاوەن خانووی سەربەخۆ. ئەم ئامار و داتایانە لە کاتێکدا بڵاو بوونەتەوە، کە ڕۆستەم قاسمی وەزیری ڕێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران هەفتەی ڕابردوو بەڵێنیی دروستکردنی چوار ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ هاووڵاتییانی لە چوار ساڵی داهاتوو داوە.
بەرپرسێکی ئێرانی: 40٪ی خێزانەکان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین
