ئەمریکا بڕیارێکی تایبەت بە گەشتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات

کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) بڕیارێکی تایبەت بە گەشتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ وڵاتەکەی دەدات. کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: رۆژی دووشەممە 25-10-2021، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی لەبارەی گەشتکردن بۆ ئەمریکا، واژۆ کردووە. بەپێی فەرمانەکەی جۆ بایدن، ئەو کۆت و بەندە سەختانەی لەسەر گەشتیارانی بەریتانیا، 26 وڵاتی شینگن، ئیرلەندا، چین، هیندستان، باشووری ئەفریقیا، ئێران و بەرازیل هەبوون، لە رۆژی 8-11-2021ـەوە هەڵدەگیرێن. ئەو کۆت و بەندانە لە سەرەتای ساڵی 2020 بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، دانرابوون. لە فەرمانەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری داوە تەنیا رێگا بەو گەشتیارانە بدرێت گەشت بۆ ئەمریکا بکەن، کە پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرتووە، بەڵام گەشتیارانی خوار تەمەن 18 ساڵی و پیرەکان، لەم بڕیارە دەبەخشرێن. لەبارەی ئەو وڵاتانەی وەک عێراق، میسر، جەزائیر، ئەرمینیا، میانمار، نیکاراگوا، سەنیگال، لیبیا، ئەسیوپیا، زامبیا، کۆنگۆ، کینیا، یەمەن، هایتی، چاد و مەدەغشقەر، کە کەمتر لە 10%ـی هاووڵاتییانیان پێکوتەیان وەرگرتووە، جۆ بایدن بڕیاری داوە رێگا بە گەشتیارەکانیان بدات سەردانی ئەمریکا بکەن بەو مەرجەی لە ماوەی 60 رۆژی یەکەمی سەردانەکەیان بۆ ئەمریکا، پێکوتە وەربگرن.