هاوپەیمانیی (میللەت) لە توركیا لەبەردەم ئەگەری هەڵوەشانەوەیە

بەهۆی ئەوەی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) لەناو پەرلەمانی توركیا دەنگیان بە درێژكردنەوەی ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ ناو خاكی سووریا و عێراق نەدا، بۆیە ئەگەر هەیە، هاوپەیمانیی (میللەت) هەڵبوەشێتەوە و بەمەش ئۆپۆزسیۆنی توركیا پەرتەوازە دەبێت. هاوپەیمانیی (میللەت) لە نێوان جەهەپە و پارتی باش و پارتی سەعادەتدا پێك هاتووە و چاویان لەوەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لەناو پەرلەمانی توركیا ببنە زۆرینە. لە كاتی دەنگدان بە پرۆژەیاسای درێژكردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ عێراق و سووریا، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، بە “نەخێر” دەنگی دا، چونكە پێیان وابوو، ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنیا بۆ لەناوبردنی كیانیی كوردییە لە رۆژئاوای كوردستان. جەهەپەش بە هەمان شێوە بەشێكی زۆری پەرلەمانتارەکانی بە “نەخێر” دەنگیان دا بەڵام هاوپەیمانەكەی كە پارتی خاسە بە “بەڵێ” دەنگیان دا. بۆیە چەند شرۆڤەكارێكی سیاسی لە توركیا پێیانوایە رەنگە هاوپەیمانێتییەكە هەڵبوەشێتەوە و بەمەش ئۆپۆزسیۆنی توركیا پەرتەوازە دەبێت. ئۆیا بایدەر، نووسەری دیاری توركیا لە نووسینێكدا كە لە ماڵپەری (T24)ی بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە بەمەبەستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) ئەمانجیان هەر ئەوە بووە بە هێنانی ئەو پرۆژەیاسایە، ناكۆكی بخەنە نێوان پارتی باش و جەهەپە و رەنگە سەركەوتووش بن.  بایدەر هاوکات دەستخۆشی لە جەهەپە کردووە كە بوێرانە بڕیاری داوە و ئەمەش وا دەكات ئاستی جەماوەریی بەرز ببێتەوە.