رێبەری رەوتی سەدر میلیشیای سەرایا سەلام لە کەرکووک و 10 پارێزگای عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە. لە نووسراوێکدا، کە ئاراستەی میلیشیای سەرایا سەلامی سەر بە رەوتەکەی کردووە، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاندووە: ”وەک قۆناغی یەکەم و بۆ نیشاندانی نیازپاکی“، بڕیاری داخستنی بارەگاکانی سەرایا سەلامی لەو پارێزگایانە داوە. بڕیاری داخستنی بارەگاکانی ئەو میلیشیایانە بە بڕیاری موقتەدا سەدر لە کەرکووک و 10 پارێزگای عێراق لە ماوەی 15 رۆژدا، جێبەجێ دەکرێت. لە نووسراوکەدا، رێبەری رەوتی سەدر ئاماژەی بەوە کردووە، کە میلیشیای سەرایا سەلام تەنیا لە پارێزگاکانی نەجەف، کەربەلا، سەڵاحەدین (لە شارۆچکەی سامەڕا) و بەغدا داناخرێن و لە هەموو پارێزگاکانی دیکە دادەخرێن. موقتەدا سەدر داواشی لە چەکدارانی سەرایا سەلام کردووە دوای داخستنی بارەگاکانیان، وەک ئەندامی رەوتی سەدر درێژە بە کارەکانیان بدەن.