خاوەنی پڕۆژەی شاری زێڕین دەستگیر كرا

لەبەر دوو هۆكار، بە مەبەستی لێكۆڵینەوەكردن لەگەڵیدا، خاوەنی پڕۆژەی شاری زێڕین دەستگیر كرا. سەرچاوەیەك لە پارێزگای هەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لەسەر سكاڵای پارێزگاری هەولێر و بە فەرمانی دادوەر، خاوەنی پڕۆژەی شاری زێڕین لە شەوی رابردووەوە دەستگیر كراوە. ڕوونیشی كردەوە، دوو هۆكار بۆ دەستگیركردنەكەی هەیە، یەكەمیان ئەوەیە كە لە كاتی ڕوودانی لافاوەكەی دوێنێ، بەهانای خەڵكییەوە نەچووە و ئەركەكانی وەك خاوەنی پرۆژەیەك جێبەجێ نەكردووە. دووەمیشیان ڕێڕەوێكی سرووشتیی لە سنووری پرۆژەكە هەبووە بۆ ڕۆیشتنی ئاوی باران و لافاو، بەڵام لەو پڕۆژەیەدا ئەو رێڕەوە پڕكراوەتەوە و ئاراستەكەی گۆڕاوە كە بووەتە هۆی گەورەتربوونی قەبارەی زیانەكان. هەمان سەرچاوە ئاشكرای كرد كە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ ماڵ لە پڕۆژەی زێڕین و چەند پڕۆژەیەكی دیكە لە ئەنجامی لافاوەكە زیانیان پێ گەیشتووە.