ئەمریکا زمانی کوردی وەکو زمانێکی فەرمی لە شاری ناشڤێڵ لە ویلایەتی تێنسی، وەک وانەیەکی هەڵبژێردراو بۆ خوێندن لە ناوەندی و ئامادەییەکان، ڕێگە پێدەدات و كوردی دەبێتە زمانێكی فەرمی. لەمبارەیەوە کارۆخ خۆشناو سەرۆکی ئەنستیتۆی توێژینەوەی ئەمریکی- کوردی، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند لە دوای هەوڵەکانی سەنتەری سەڵاحەدین کە ناوەندێکی کوردییە بۆ ناسینی زمان لە شاری ناشڤێڵ لە ویلایەتی تێنێسی ئەمریکا، کە چەند ساڵێکە ئەو ناوەندە هەوڵەکانیان دەست پێکردووە، وا دیارە هەوڵەکانیان ئێستا ئاکامی هەبووە و زمانی کوردی وەکو زمانێکی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن، ناوەندی و ئامادەیی ڕێگە پێدراوە کە قوتابییەکی کورد هاوشانی زمانە فەرمیەکانی دیکەی هەڵیبژێرێت و بیخوێنێت. گوتیشی “هەر قوتابییەک لە ئەمریکا لە قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی دەبێت زمانی دووەم هەڵبژێرێت بۆ خوێندن لە پاڵ زمانی ئینگلیزی، پێش ئەو هەوڵە ڕێگە بە زمانی کوردی نەدەدرا، بەڵام ئێستا زمانی کوردیش چووەتە پاڵ ئەو زمانە فەرمییانەی کە قوتابی دەتوانێت لەم قۆناغە هەڵیبژێرێت”. شاری ناشڤێڵ لە ئەمریکا بە “کوردستانی بچووک” ناسراوە، ئەوەش بەوهۆیەوەیە کە کوردێکی زۆر نیشتەجێی ئەو ویلایەتەن کە ژمارەیان نزیکەی 20 هەزار کورد دەبێت.