ڕێبەرانی سێ وڵاتی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا لەگەڵ ئەمریکا، نیگەرانیی خۆیان لە بەرانبەر خێراتربوونی بەرنامەی ناوکیی ئێران دەربڕی و لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە بەرپرسانی تاران کردووە کە بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر سەر مێزی دانوستانە ناوکییەکانی ڤییەنا. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) جۆ بایدن سەرکۆماری ئەمریکا و سێ هاوتا ئەورووپییەکەی دوێنێ یەکشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی G20 بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش، نیگەرانیی خۆیان لە برانبەر خێراتربوونی بەرنامەی ناوکیی ئێران و بردنەسەری ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دەربڕی و داوایان لە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆماری ئێران کرد کە بە کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتە بگەڕێتەوە بۆ وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەنا. گرووپی G20 پێکهاتووە لە 20 وڵاتی زلهێزی جیهان کە لە بواری ئابووریدا ساڵانە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەبارەی گرنگترین ڕووداوەکانی جیهان بەڕێوە دەبەن و ڕێبەرانی جیهان لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبن. هەر لەم پێوەندییەدا ئانگێلا مێرکێڵ گوتی: “ئێمە هیوادارین ئێران بگەڕێتەوە بۆ وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەنا، بەڵام کات زۆر بە خێرایی تێپەڕ دەبێ و ئێران بەردەوامە لە بردنەسەری ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و ئێمە لەو هەوڵانەی ئێران زۆر نیگەرانین”. لەم بارەوە عەلی باقری، جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران، پاش چاوپێکەوتن لەگەڵ ئێنریکە مۆرا، جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویە، وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەنا لە کۆتایی مانگی داهاتوودا دەست پێ دەکاتەوە.
ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی لە خێراتربوونی بەرنامەی ناوکیی ئێران نیگەرانن
