ئەمڕۆ سێشەممە ڕوانگەی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ئاشكرای كرد كە میلیشیا شیعەكان لەسەر شەقامەكانی چەند گوندێكی سەر بە پارێزگای دیالە بەبەرچاوی خەڵكەوە، هاووڵاتییانی عەرەبی سوننەیان لەسێدارە داوە. ڕوانگەی مافەكانی مرۆڤ ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە كە مستەفا كازمی سەرۆكی حكوومەتی كاتی و ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بەرپرسن لەو تاوانە گەورەیەی میلیشیاكان لە سنووری دیالە ئەنجامیان دا. ڕوانگەكە ئاماژەی بەوە كردووە لەدوای هێرشە خوێناوییەكانی داعش بۆ سەر سنوورەكانی دیالە و سەڵاحەدین، میلیشیا شیعییەكان دەستیان بە هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوە لە هاووڵاتییانی مەدەنی عەرەبی سوننە كردووە. ڕوانگەی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق هەروەها داواشی لە موقتەدا سەدر ڕێبەری سەدرییەكان كردووە، كە هاوپەیمانییەكەی زۆرترین كورسی لەم هەڵبژاردنەدا بەدەست هێناوە، دەست بۆ بابەتەكە ببات و پشتیوانی مافخوراوانی عەرەبی سوننە بكات.