سەرکۆماری میسر پایتەختی ئیداریی وڵاتەکەی دەگۆڕێت و بڕیاری گواستنەوە بۆ پایتەختە نوێیەکە دەدات. بەسام رازی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری عەرەبیی میسر رایگەیاندووە: عەبدولفەتاح سیسی، سەرکۆماری میسر فەرمانی بە حکوومەتی وڵاتەکەی کردووە بۆ ماوەی شەش مانگی ئەزموونی، لە مانگی 12ـی ئەمساڵ (2021)ـەوە روو بکاتە پایتەختی ئیداریی نوێی وڵات. پایتەختی ئیداریی نوێی میسر کەوتووەتە نێوان قاهیرەی پایتەختی سیاسی و کەناڵی سوێس و تایبەتە بە حکوومەت و داموزگاکانی. پایتەختە ئیدارییە نوێیەکەی میسر لەسەر رووبەری نزیکەی 688 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ناوەڕاستی رێگای نێوان قاهیرە و کەناڵی سوێس دروست کراوە کە جگە لە وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، چەندین یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی و کاتبەسەربردنیش لەخۆ دەگرێت. لە ساڵی 2015 دەست بە دروستکردنی پایتەختی ئیداریی نوێی میسر کراوە، بەڵام لە مانگی 4ـی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، عەبدولفەتاح سیسی کارکردن لەو پایتەختە نوێیەی تا سەرەتای 2021، راگرت.
سەرکۆماری میسر پایتەختی ئیداریی وڵاتەکەی دەگۆڕێت
