پۆلیسێكی بەلجیكا تەنها 10 مانگ لەسەر كوشتنی منداڵێكی كورد زیندانی دەكرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگای تێهەڵچوونەوەی بەلجیكا بڕیاری دا پۆلیسێكی برۆكسل بۆ ماوەی تەنها 10 مانگ زیندانی و پێبژاردنی 400 یۆرۆ سزا بدات، لە بەرانبەر كوشتنی منداڵێكی كورد. ئەم ڕووداوی كوشتنە بۆ ساڵی 2018 دەگەڕێتەوە، كاتێك پۆلیس بەدوای ئۆتۆمبێلێكەوە بوون لەسەر ڕێگای خێرای ئەلۆنیای باشووری برۆكسلی پایتەخت، بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەكە 30 پەنابەری تێدا بوو. لەبارەی بڕیارەكەی دادگای تێهەڵچوونەوەش، كۆمەڵەی “دادوەری لەپێناو میهرەبانی” هۆشداری داوە كە بڕیارێكی لەم جۆرەی دادگا پەیامێكی كارەساتئامێز هەڵدەگرێت لەبارەی دەربازبوونی ئەندامانی پۆلیس لە سزادان. جێی باسە پێشتر پۆلیسەكە كە ناوی ڤیكتۆر مانوێل جاسینتۆیە و تەمەنی 49 ساڵە، سزای ساڵێك زیندانی بۆ دەركرابوو لەگەڵ ڕاگرتنی جێبەجێكردنی، بەڵام ئەمجارە دادگای تێهەڵچوونەوە ماوەكەی كورت كردەوە و جارێكی تریش بڕیارەكە دووپاتی لەسەر ڕاگرتنی جێبەجێكردنی سزاكە كردووەتەوە.