سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی عێراق فەرمانی لێکۆڵینەوە لە شەڕی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی بەغدا دەردەکات. دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی 5-11-2021، خۆپیشاندەرانی بەردەم ناوچەی سەوزی بەغدا و هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی یەک بوونەوە. میدیا عێراقییەکان ئاماژە بە کوژرانی خۆپیشاندەرێک و برینداربوونی 346 کەس دەکەن و وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش رایگەیاندووە: بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە 125 خۆپیشاندەر و کارمەندی ئەمنی بریندار بوون، بەڵام هیچ کەسێک نەکوژراوە. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاندووە: ئەمڕۆ شەممە 6-11-2021 لێژنەیەک بە فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، پێک هێنراوە، کە ئاسایشی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیش ئەندامە تێیدا. خۆپیشاندەران بەرپرسیارێتیی شەڕ و بوونە قوربانیی خۆپیشاندەران دەخەنە ئەستۆی مستەفا کازمی، فەریقی یەکەم روکن عەبدولوەهاب ساعدی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق و لیوا روکن حامد زوهەیری، فەرماندەی هێزی تایبەتی پاراستنی باڵوێزخانەکان لە بەغدا. دوای راگەیاندنی دوایین ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە لە 10-10-2021 بەڕێوە چوو، بەشێک لەو گرووپانەی لە هەڵبژاردنەکەدا شکستیان خوارد، لە نزیک ناوچەی سەوزی بەغدا دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە دەکەن. زۆرینەی خۆپیشاندەران لایەنگری میلیشیاکانی حەشدی شەعبین، کە ژمارەی کورسییەکانی هاوپەیمانییەکەیان (هاوپەیمانیی فەتح) لە پەرلەمانی عێراق لە 47 کورسییەوە دابەزی بۆ 16 کورسی.
کازمی فەرمانی لێکۆڵینەوە لە شەڕی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی بەغدا دەردەکات
