ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایدەگەیەنێت، هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاژاوەیەکی نوێیە لەو وڵاتە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 7-11-2021، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی لە ناوچەی سەوزی بەغدا کردە ئامانج کە خۆی لەو هەوڵەی تیرۆرکردن رزگاری بوو، بەڵام ژمارەیەک پاسەوانی بریندار بوون. عەلی شەمخانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە: هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی ئاژاوەیەکی نوێیە لە عێراق. عەلی شەمخانی پێی وایە سەنتەرەکانی بیری بێگانە بەرپرسە لە هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی، کە ”پاڵپشتیی گرووپە تیرۆریستییەکان لە عێراق دەکات“. ئەو بەرپرسەی ئێران بەبێ ئەوەی سەرکۆنەی رووداوی هێرشکردنە سەر ماڵی کازمی بکات، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو سەنتەرانە تەنیا نائارامی، ناکۆکی و ناسەقامگیرییان بۆ ”گەلی عێراقی ستەملێکراو“ هێناوەتە دی.
ئاسایشی نەتەوەیی ئێران: هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی ئاژاوەیەکی نوێیە لە عێراق
