ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاتیی عێراق لە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا ڕای گەیاند كە لایەنی جێبەجێكاری هێرشەكەی دوێنێی سەر ماڵەكەی باش دەناسن و ئاشكراشیان دەكات. كازمی لە كۆبوونەوەكەدا گوتوویەتی دوێنێ شەو بە شێوەی راستەوخۆ لە ڕێگەی درۆنەوە هێرش كراوەتە سەر ماڵەكەی لە ناوچەی سەوزی بەغدا، ئەمەی بە كردەوەیەكی ترسنۆكانە وەسف كردووە و ئاماژەی بەوە داوە “ئەو كارە لە كەسانی ئازا ناوەشێتەوە و ویستی عێراقییەكانیش نییە”. سەرۆك وەزیرانی فیدراڵی هەروەها ئەوەشی گوتووە كە وڵاتەكەی بەدۆخێكی دژواردا تێدەپەڕێ، كە ئەمڕۆ دروست نەبووە و دەرەنجامی ئەم حكوومەتەی ئەویش نییە. دەشڵێ حكوومەتەكەی ئەو توانیویەتی لە كاتێكی كەمدا چەند تەنگژەیەكی ئابووری و تەندروستی چارەسەر بكات، هەروەها توانیان تەنگژەی داڕمانی بەهای نەوت تێپەڕێنن، سەرباری ڕزگاركردنی حكوومەت لەو هەڵانەی حكوومەتەكانی ڕابردوو ئەنجامیان دابوون. كازمی لە كۆتاییدا گوتوویەتی ئەوانە باش دەناسن كە تاوانەكەی دوێنێ شەویان ئەنجام داوە، بەدوایاندا دەچن و ئاشكرایان دەكەن، ئەوان بكوژی عەقید نەبراس فەرمان ئەفسەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانیین و دەیاندەنە دەست دادگا.