حكوومەتی توركیا، ژن و پیاوێکی ئیسرائیلی دەستگیر كردووە كە هاوسەری یەكترین و بە تۆمەتی ئەوەی وێنەی ماڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیایان كێشاوە، بە سیخوڕی سیاسی تۆمەتبار كراون و میدیاکانیش بڵاویان کردووەتەوە ڕەنگە ئەم بابەتە ببێتە هۆی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان ئەو دوو وڵاتە. میدیاكانی توركیا و ئیسرائیل لەبارەی دەستگیركردنی ئەو دوو هاووڵاتییە ئیسرائیلییەوە زانیاریی جیاوازیان بڵاو کردوەتەوە. یایر لاپیت، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، هەموو ئەو تۆمەتانەی توركیای رەت كردووەتەوە كە خستوویانەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە ئیسرائیلییە. ناتالی و مۆردی، هاوسەری یەكترین و بۆ گەشتوگوزار هاتوونەتە ئیستەنبۆڵ، بەڵام بە تۆمەتی ئەوەی بە نهێنی وێنەی ماڵی ئەردۆغانیان لە ئوسكوودار لە ئیستەنبۆڵ كێشاوە، دەستگیر كراون و تۆمەتی سیخوڕی سیاسییان دراوەتە پاڵ. ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی دووپاتی کردووەتە كە ئەو دوو هاووڵاتییە ئیسرائیلییە بە نهێنی وێنەی ماڵی ئەردۆغانیان كێشاوە، بەڵام میدیاكانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە داوە ئەو دوو هاوسەرە بە كەشتیی بچووك گەڕاون و وێنەی كۆشكی (دۆڵمەباخچەیان) كێشاوە. رۆژنامەی هائارێتزی ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە تاكە تاوانی ئەو دوو هاووڵاتییە ئیسرائیلییە ئەوەیە، لەناو كەشتیدا وێنەی كۆشكەكەی ئەردۆغانیان كێشاوە. بەشی تورکیی ئاژانسی (BBC) بڵاوی كردووەتەوە نیر یاسلۆڤیتژ، پارێزەر لە ئیسرائیل، قسەی بۆ میدیاكانی ئیسرائیل كردووە و گوتوویەتی: “ئەگەر هاووڵاتییەكی رووسیا، وێنەی ئەو كۆشكەی بنەخشاندایە، هیچ لەو بڕوایەدا نەبووم، توركیا دەستگیری بكات”. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، دڵنیایی ئەوەی داوە کە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا بەرپرسانیان دەچنە توركیا و سەردانی ئەو دوو هاووڵاتییەی خۆیان دەكەن و داوای لە توركیا كردووە بەپەلە ئازادیان بكات. بەڵام توركیا رەتی دەكاتەوە ئەو دوو هاووڵاتییە ئازاد بكات و دەڵێت دەبێت دادگا ئەو بڕیارە بدات و رێزیش لە بڕیاری دادگا بگیرێت. میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە رەنگە بەهۆی دەستگیركردنی ئەو دوو هاووڵاتییە ئیسرائیلییەوە لە توركیا، نێوانی توركیا و ئیسرائیل گرژیی تێ بكەوێت.
دەستگیركردنی دوو ئیسرائیلی لە توركیا كێشە دەخاتە نێوان ئەو دوو وڵاتەوە
