کۆمپانیای ئەسترازینکا رایدەگەیەنێت، دەیەوێ لەمەودوا لە بەرهەمهێنانی پێکوتەی کۆرۆنا، قازانج بکات. بەپێی هەواڵێکی (BBC)، باسکاڵ سۆریۆت، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەسترازینکا رایگەیاندووە: ڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکە دەبێتە نەخۆشییەکی ئاسایی. باسکاڵ سۆریۆت هەروەها رایگەیاندووە: ژمارەیەک گرێبەستیان بۆ دابینکردنی پێکوتەی ئەسترازینکا لە ساڵی 2022 واژۆ کردووە و ئیدی دەیانەوێ لە بەرهەمهێنانی پێکوتە قازانج بکەن، کە پێشتر بۆ هەر پێکوتەیەک بڕی پێنج دۆلاریان وەردەگرت و ئەو پێنج دۆلارەش ”تێچووی بەرهەمهێنانی بوو“. سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەسترازینکا ئاماژەی بەوەش داوە، کۆمپانیاکەی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی پێکوتەی ئەسترازینکا بە وڵاتە هەژارەکان بەبێ قازانج. هەروەک BBC بڵاوی کردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت ئەسترازینکا بڕی 250 ملیۆن ژەم پێکوتەی لە چوارچێوەی پرۆژەی (کۆڤاکس) دابێت وڵاتانی هەژار. ئەسترازینکا کۆمپانیایەکی بەریتانی – سویدییە و بنکە سەرەکییەکەی دەکەوێتە کامبریج لە بەریتانیا. دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، زانایانی ئەو کۆمپانیایە دەستیان بە تاقیکردنەوەکان بۆ بەرهەمهێنانی پێکوتەیەک بۆ ئەو پەتایە کرد و سەرکەوتوو بوون لە بەرهەمهێنانی.