ئەیاد عەللاوی داوا دەكات كورسی قەرەبوو بدرێتە حزبە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان

ئەمڕۆ یەكشەممە ئەیاد عەللاوی یەكەم سەرۆك وەزیرانی عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، لە لێدوانێكدا داوای كرد كورسی قەرەبوو و قایلكردن لە پەرلەمانی نوێدا بدرێتە ئەو حزبانەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەماندا دۆڕاون. ئەم لێدوانەی عەللاوی لە میدیاكانی عێراقدا و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بووەتە جێی سەرنجی زۆر و هەندێك بە گاڵتەوە لێكی دەدەنەوە و هەندێكیش پێیانوایە ئەمە پێشێلكردنێكی ئاشكرا و چاوقایمانەی یاسا و پرۆسەی دیموكراسییە لە وڵاتەكەدا، بەتایبەتی كە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق لە تەواوی تانەكانی هەڵبژاردنی كۆڵیەوە و لە ئەنجامی ژماردنی دەستیشدا، هەمان ئەنجامی ژماردنی ئەلیكترۆنی هاتەوەدەست. عەللاوی لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ڕای گەیاندبوو كە بەشێك لە چارەسەری ئەو تەنگژەیەی ئێستای عێراق ئەوەیە كۆنگرەیەكی بچوككراوە ببەسترێت، بۆ وتوێژكردن لەسەر دۆزینەوەی دەرچەیەك لەو تەنگژەیەی لە ئەنجامی هەڵبژاردندا كەوتووەتەوە. دەشڵێ پێویستە لەو كۆنگرە بچووكراوەیەدا چەند ڕێگەچارەیەك بدۆزرێتەوە و ئەو حزبانە قەرەبوو بكرێنەوە كە بەشداریان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا كرد و دۆڕاندیان، چونكە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە عێراقی خستووەتە مەترسییەوە. عەللاوی لە لایەكی دیكەشەوە پێشنیازی كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەو تەنگژەیەی ئێستا یەخەی عێراقی گرتووە، هەڵبژاردنێكی تری پێشوەختە دوای نۆ مانگی تر لە عێراق بەڕێوەبچێت. ئەمەش لە كاتێكدایە لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا، ژمارەیەك هێزی دەستڕۆیشتووی شیعی، بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، تووشی دۆڕانێكی گەورە هاتن و ئێستا دەستیان بە نانەوەی ئاژاوە كردووە و دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا نانێن.