مەسرور بارزانی: سینەما دەتوانێ رۆڵێکی کاریگەری لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا هەبێ

ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دهۆک بۆ فیلم بەڕێوەچوو و لەمیانەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و پشتیوانیی حکوومەتی بۆ سینەما و پەرەپێدان بە کلتوور دووپات کردەوە. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکە گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا خۆشحاڵی خۆی پێشاندا لە بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکە و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە کرد و بەخێرهاتنی سەرجەم فیلمسازانی کرد. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە ئەو جۆرە فێستیڤاڵە زۆر گرنگن بۆ زیاتر ناساندنی کوردستان و گوتیشی: ” سینەما دەتوانێ رۆڵێکی کاریگەری لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا هەبێ، گرنگیدان بە فیلمیسازی بۆ دەرخستنی ئێش و ئازارەکان کاریگەریی خۆی هەیە”. مەسرور بارزانی، راشیگەیاند کە سینەما هونەرێکی گرنگ و کاریگەرە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە هەر کارێکی سینەمایی دەکات، گوتیشی: “جوگرافیا و سروشتی هەرێمی کوردستان رەنگە زۆر بگونجێن کە ببنە شوێنی فیلیمی سینەمایی پێشوازی لە هەر فلیمسازێک دەکەین و ئامادەین بۆ هەر پشتیوانی هەر فیلمسازێک کە لە هەرێمی کوردستان کاری سینەمایی بکات و وێنەی فیلمەکانی تۆمار بکات”. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “ئێستا كاری سه‌ره‌كی حكوومه‌ت دابینكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كار ده‌كه‌ین بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و پێشخستنی بواری كولتووری و رۆشنبیری”. ئاماژەی بە ئەوەش دا: “گه‌لی كوردستان به‌ درێژایی مێژووی خۆی رووبه‌ڕووی ده‌یان كاره‌سات، كۆمه‌ڵكوژی، جینۆساید، سیاسه‌تی ره‌گه‌زپه‌رستی و له‌ناوبردن بووه‌ته‌وه‌، له‌ په‌نجا ساڵی رابردوودا تاوانی هۆڤیانه‌ دژی‌ گه‌لی كوردستان ئه‌نجامدراون، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و تاوانانه‌ و مێژووی تراژیدیای گه‌لی ئێمه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌ سینه‌مادا ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه”‌.