لە سنووری دووبز میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تیمێكی كوردستان تیڤی دەستگیر دەكەن

لە سنووری قەزای دووبز، لەلایەن میلیشاكانی عەسائیبی ئەهلی حەقەوە، تیمێكی كوردستان تیڤی دەستگیر دەكەن و پەیامنێری كەناڵەكەش لە كەركووك هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات. هەڵۆ جەباری، پەیامنێری كوردستان تیڤی لە كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ چوارشەممە 17/11/2021، وەك تیمی كەناڵی كوردستان تیڤی چوینە سنووری قەزای دووبز بەمەبەستی ڕووماڵكردنی ئەو تەعریبەی كە ئەمڕۆ لە سنووری گوندی شناغە بەڕێوە چوو، ئیتر لەلایەن میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەقەوە دەستگیر كراین”. گوتیشی: “ئێمە لە سنووری گوندی قەرەدەرەی نزیك دووبز لە كاتێكدا وێنەی جوتیارانمان دەگرت ئیتر ئێمەش چوینە پێشەوە و پاشان بە فیتی عەرەبە هاوردەكان دەستگیر كراین و دواتر هێزێكی سوپای عێراق هاتن و گوتیان بەمەرجێك ئازادتان دەكەین كە وێنە و تەوسویرەكان بسڕینەوە و ئیتر ئێمەش لەپێش چاویان تەسویرەكانمان سڕیەوە و پاشان ئازاد كراین”. لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیر كرا و لەو كاتەوە تا ئێستا جگە لەوەی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە نالەبارە، هەڵمەتێكی چڕی تەعریب بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی و پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك بەڕێوەدەچێت و هێزە سەپێندراوەكانش ڕێگە لە رۆژنامەنووسان دەگرن كە ڕووماڵی ئەو تەعریبە بكەن.