د. عادل باخەوان: تەنیا لە ساڵی 2020دا لە فەرەنسا 587 کەسی هەژار لەبەر برسێتی و سەرما مردوون

عادل باخەوان ئەکادیمی و نووسەری ناسراوی کورد، چەند تێبینییەک لەسەر تراژیدیای هەژاری و نایەکسانی لە فەرەنسادا ئاشکراکرد و ئاماژەی بەوەداوە کە تەنیا لە ساڵی 2020دا لە فەرەنسا 587 کەسی هەژار لەبەر برسێتی و سەرما مردوون. ئەو نووسەرە کوردە ئەمڕۆ شەممە 20/11/2021، لەمبارەوەیەوە لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: “تەنها ساڵی 2020 و بەپێی ڕێکخراوی کاریتاتیڤ، یەک ملیۆن فەرەنسی هاتە سەر ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە فەرەنسادا بەدەست هەژاریەوە دەناڵێنن و تەنها لەم ساڵیشدا حەوت ملیۆن فەرەنسی لە تاو هەژاری و بۆ ئەوەی سێ ژەم نانبخۆن، پەنایان بردوەتە بەر ئەو ڕێکخراوانەی کە خواردن بەسەر هەژاراندا دابەشدەکەن، واتە ڕىژەی 10%ی هاووڵاتییانی فەرەنسی، لە کاتێکدا لە 2008دا تەنها سێ ملیۆن بوون”. ئەوەشی خستووەتە روو: “لە کاتێکدا بەس تەنها لەم ساڵدا، گرووپە دەوڵەمەندەکەی فەرەنسا، 25 ملیار ئیرۆ هاتووەتە سەر مڵۆی سەرمایەکەیان و زیاتر لە ساڵی ڕابردوو دەوڵەمەندبوون و تەنها لەم ساڵیشدا 150 هەزار فەرەنسی دیکە چوونەتە سەر سیستمی یارمەتی کۆمەڵایەتی کە لە نێو یادەوەری دەستەجەمعی فەرەنسیەکاندا بە بەرنامەی نەمردن لە برسانا ناوبانگی دەرکردووە و زیاتر لە دوو ملیۆن فەرەنسی لەسەر ئەم بەرنامەیە دەژین”. هەروەها عادل باخەوان روونیشیکردووەتەوە: “بەپێی تازەرین ڕاپۆرتی دەزگای INSEE کە حکوومەتی فەرەنسی بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و پشت بە داتاکانی دەبەستێت، 35%ی ئەو خێزانانەی جیابوونەتەوە لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن و لەم ساڵیشدا ژمارەی ئەو ژنە فەرەنسیانەی کە کاردەکەن و داهاتەکەیان ڕێگایان پێنادات کە هێڵی هەژاریی بەجێبێڵن گەیشتە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس”. جەختیشیکردووەتەوە کە ڕێژەی هەژاریی لەنێوان گەنجاندا، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 29 ساڵدایە، 50% زیادی کردووە و ژمارەیان گەیشتوەتە دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس، هەروەها بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئۆبسێرڤاتواری نیشتمانی، ڕێژەی ئەو خوێندکارانی کە ناتوانن لە ڕۆژێکدا سێ ژەم نانبخۆن دەگاتە 23% و بەشێکی زۆریشیان دەڵێن کە مەرج نییە هەر کاتێک برسیانبوو بتوانن خواردن بکڕن، لەهەمانکاتیدا تەنها خەرجییەکانی سێ شەوی ئاهەنگی زەواجی کچەکەی خاوەنی شەریکەی مێتال، لە کۆشکەکانی لویسی چواردەهەم لە پاریس یەکسانبوو بە 1700 ساڵی مووچەی کرێکارێکی فەرەنسی کە بۆ ئەو شەریکەیە کاردەکات. دەشڵێت: “بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئینسێ، مناڵانی چینی کرێکارانی فەرەنسا، 82،70% ڕیسکی ئەوەیان هەیە کە شەشی ئامادەیی تەواو نەکەن و واز لە قوتابخانە بێنن، هەروەها ژنانی فەرەنساش تەنها لە بەر ئەوەی ژنن، جیاوازی نێوان مووچەکانیان لەگەڵ پیاواندا بۆ هەمان کار و بەهەمان بڕوانامەوە دەکرێت بگات بە 20،20% لە کەرتی تایبەتدا، 14،60% لە کەرتی گشتیدا، 21،20% لە کەرتی تەندروستیدا”. باخەوان ئاماژەشی بەوەداوە کە بەپێی داتاکانی نۆ ئیگسۆزتیڤ، لە ساڵی 2020دا 587 کەس لە فەرەنسادا و لە سەر شەقامەکان مردوون و هۆکاری یەکەمیشی سەرما و برسیەتی بووە پێکەوە. هەروەها ئاشکراشیکردووە کە بەپێی دوا داتای فەرمی، تەنها لە ناوچەی پاریسدا، 10 هەزار و 280 خێزان شوێنی حەوانەوەیان نییە و چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە شوقەیەکیان پێبدرێ و بەلای کەمەوە هەر یەکێک لەم خێزانانەش سێ منداڵیان هەیە.