سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە و گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و دۆخی کۆچبەران لە سەر سنووری بێلارووس و پۆڵەندا کرا. ئەمڕۆ شەممە 20/11/2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میگێل بێرگەر وەزیری دەولەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە و گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و دۆخی کۆچبەران لە سەر سنووری بێلارووس و پۆڵەندا کرا. وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو ڕێکارانەی گرتوویەتیە بەر لە بەرامبەر ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن و ڕێگریکردن لە کۆچکردنی نایاسایی و کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران بۆ هەرێمی کوردستان . سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هەر هاریکاریی و هەماهەنگییەک لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەکات بۆ بەهاناوەچوون و چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرانی سنووری بێلارووس و پۆڵەندا. لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی برەودان بە وەبەرهێنان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و بارودخی گشتی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێ کرا.