ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە دوابەدوای لێدوانێكی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا لەبارەی دابەزینی بەهای لیرەی توركییەوە، بەهای لیرەی توركی بۆ یەكەم جار گەورەترین دابەزینی لە مێژووی نوێی خۆیدا تۆمار كرد. ئەمشەو بەهای لیرەی توركی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی بۆ یەكەم جار گەیشتە 11.46 لیرە بەرانبەر یەك دۆلار. میدیاكانی توركیا ئاماژەیان بەوە داوە ئەردۆغان ئەم ئێوارەیە لە لێدوانێكیدا گوتبووی ڕێگە نادەن دابەزینی بەهای لیرەی توركی، ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و شتومەك لە بازاڕەكاندا، هەروەها ڕێگە نادەن دابەزینی بەهای لیرە ببێتە هۆی كەمبوونەوەی هەلی كاریش لە وڵاتەكەیدا. سەركۆماری توركیا ئەوەشی گوتبوو كە پیلانگێڕی لەئارادایە بۆ دابەزاندنی بەهای لیرەی توركی. ئەم لێدوانەی ئەردۆغان دوای ئەوە هات كە بەهای لیرە بۆ 11.2 لیرە بەرانبەر یەك دۆلاری ئەمریكی دابەزیبوو، بەڵام دوای ئەم لێدوانەی سەركۆماری توركیا، بەهای لیرە زیاتر دابەزی و گەیشتە 11.46 لیرە بەرانبەر یەك دۆلار.