سەدر هۆشداری لە ئەگەری كوژرانی پەرلەمانتارە سەربەخۆكانی عێراق دەدات

ئەمڕۆ چوارشەممە موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر هۆشداری دا لە ئەگەری كوژرانی ئەو كاندیدە سەربەخۆیانەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا سەركەوتنیان بەدەست هێناوە. موقتەدا سەدر ئەمڕۆ پێشوازی لە ژمارەیەك كاندیدی سەربەخۆی سەركەوتوو بۆ پەرلەمانی نوێی عێراق كرد و هۆشداری دا لەوەی دەنگەكانیان كپ بكرێ و ڕووبەڕووی كوژران ببنەوە. ژمارەیەك كاندیدی سەربەخۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە سەركەوتنیان بەدەست هێناوە، لیستێكیان بەناوی “هاوپەیمانیی عێراقی سەربەخۆ” لە زۆربەی شارەكانی عێراق دروست كردووە و ئەمڕۆ لەگەڵ سەدر كۆبوونەوە. ڕێبەری ڕەوتی سەدر پێی راگەیاندوون كە ئاگەداری خۆیان بن لەوەی ڕووبەڕووی كوشتن ببنەوە، یان ڕووبەڕووی تۆقاندن و دەمكوتكردن ببنەوە، هەروەها هۆشداری پێدابوون لەوەی دەنگەكانیان بكڕدرێتەوە. سەدر پێیڕاگەیاندبوون كە ئەم كۆبوونەوەیەیان بۆ ئەوە نییە هاوپەیمانی سیاسی دروست بكەن یان هەوڵی پێكهێنانی حكوومەت بدەن، بەڵكو كۆبوونەوەیەكی نیشتمانییانەی عێراقییانەیە بۆ بەرگریكردن لە خەڵكی داماوی عێراق.