کارکردن لە بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتری هەولێر بەردەوامە، شارەوانی هەولێریش ئاماژەی بەوەداوە کە تاوەکوو ئێستا 32%ی کارەکان تەواو بوون. ئەمڕۆ یەکشەممە 28/11/2021، شارەوانی هەولێر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە: “ئەندازیار عەبدولواحد ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بۆ لەنزیکەوە ئاگادار بوون لە بەڕێوەچوونی کارەکانی بەشی دووەمی شەقامی مەتری هەولێر پڕۆژەکەی بەسەرکردەووە”. ئەوەش خراوەتە روو: “دوای تەواو بوونی بەشی یەکەمی پڕۆژەکە و کردنەوەی بەڕووی شۆفێران کارکردن لە بەشی دووەمی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری هەولێر دەستیپێکرد”. هەروەها ئاماژە بەوەدراوە کە بەشی دووەمی پڕۆژەکە درێژی 7 کیلۆمەترە کە لە ڕێگەی هەولێر – پیرمام بۆ هەولێر – بەحرکەیە، دوو شەقامی سەرەکی کە پانییەکەی 19,5 مەتر پانە لەگەڵ دوو شەقامی لاوەکی (ٚخدمی) 8 مەتر پان، دوو بەرزە پرد و یوتێرنی ئاراستەگۆڕی تێدایە. شارەوانی هەولێر روونیشیکردووەتەوە کە کارکردن لە پڕۆژەکە لە بەرواری 30/8/2021 دەستیپێکردووە بڕیارە لە کۆتا مانگی ئەمساڵ تەواو بکرێت، بەڵام بەهۆی خێرا کارکردن پڕۆژەکە پێش وادەی خۆی تەواو دەکرێت، 80% کرێکارانی کار لە پڕۆژەکە دەکەن کرێکاری خۆماڵین. جەختیشکراوەتەوە کە دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە خزمەتێکی زۆر بە هاونیشتیمانیانی شاری هەولێر و دەوروبەری دەکات بەتایبەت بۆ مەبەستی نزیک بوونەوەی دەروازەکانی شار لەگەڵ نێو شار و خێراتر گەیاندنی هاوڵاتیان بۆ نێو شار، هاوکات کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی و کارئاسانی هاتووچۆی شۆفێران و بازرگانان بۆ ڕێگاکانی دەرەوەی شاری هەولێر. هەروەها شارەوانی هەولێر ئەوەشی راگەیاندووە کە دوای تەواو بوونی بەشی دووەمی شەقامەکە بەشێوازێکی خێرا کاردەکرێت بۆ تەواوکردنی بەشەکانی دیکەی شەقامی 150 مەتری هەولێر.
شارەوانی هەولێر: تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 32٪ی کارەکانی بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتری تەواو بووە
