كۆمسیۆن كۆتایی ئەم هەفتەیە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمان رادەگەیەنێت

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رای گەیاند كۆتایی ئەم هەفتەیە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان رادەگەیەنێت. عیماد جەمیل ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند ئەگەری هەیە كۆتایی ئەم هەفتەیە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رابگەیەنن، لەمبارەیەوە پێشبینی دەكەن لە چەند كاتژمێری داهاتوودا دەستەی دادوەری چاو بە ئەنجامی تانەكاندا بخشێنێتەوە. ئەوەشی گوتووە كە چەند كاتژمێرێكی تر چاوپێداخشاندنەوە بە تەواوی تانەكانی هەڵبژاردن تەواو بێت كە ژمارەیان یەك هەزار و 436 تانە بووە و ئەنجامەكانی كۆتایی پەسەند بكرێت. بەم شێوەیە بەپێی گوتەی بەرپرسە میدیاییەكەی كۆمسیۆن، كاری كۆمسیۆنەكە لە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دەگاتە قۆناغی كۆتایی و ناوی كاندیدە براوەكان بۆ پەرلەمانی نوێ رادەگەیەندرێ. ئەوەشی گوتووە كە دەرەنجامی كۆتایی تانەكان بووەتە هۆی گۆڕینی پێنج كورسیی پەرلەمانی لە شارەكانی هەولێر، نەینەوا، كەركووك، بەغدا و بەسرا.