وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سەرانسەری جیهان، دەکات. ئاژانسی (ئەسۆشێیتد پرێس) لە زاری ”بەرپرسێکی پێنتاگۆن“ بڵاوی کردووەتەوە، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە جیاوازەکان پێویستیی بە زیاد و کەمکردنی خێرای هێزەکان نییە. ئەو بەرپرسە هەروەها رایگەیاندووە: ئەمریکا بارودۆخی چین لەبەرچاو دەگرێت و پلان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی هێزەکانی لە چەند ناوچەیەکی زەریای ئارام بەتایبەت بنکەی سەربازیی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە دوورگەی (گوام)، دادەنێت. بە گوتەی سەرچاوەکە، پێنتاگۆن چەند مانگێکە دەستی بە توێژینەوەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سەرانسەری جیهان کردووە و تێیدا چەند گۆڕانکارییەک لە هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا و زەریای ئارام دەکات، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە پێویستیی بە دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتەکانی ناوچەکە هەیە.
ئەمریکا هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی هێزەکانی لە سەرانسەری جیهان دەکات
